مۆدێرنیته و گرفتی زمانی کوردی
عه‌زیز مه‌حموودپوور
بوون و پێناسی ئێمه له چوارچێوه‌ی ئه‌و زمانه‌ی وه‌ک ده‌ریایه‌ک له ئامێزی گرتووین، ده‌گوورێت و مانا په‌یدا ده‌کا. له ده‌لاقه‌ی زمانه‌وه ده‌ڕوانینه جیهان و خۆمان و هه‌ڵسوکه‌وت و گرفته‌کانمان. هه‌ر وه‌ها له ئاڵ و وێری کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رده‌وام پێویستمان به‌وه‌یه ئه‌زموونی زانستی و فه‌رهه‌نگی و ڕوحی خۆمان بۆ دیتران و هی ئه‌وانیش بۆ خۆمان ڕاگوێزین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئامێرێک به که‌ڵکتر له زمان شک نابه‌ین. به‌ڵام زمان وه‌ک نێونجێک بۆ وه‌دی هێنانی ئه‌م ڕه‌وته تا چ ڕاده‌یه‌ک کارامه‌یه و چلۆن ده‌توانێ به ئاکاممان بگه‌یه‌نێ، جێی باسه. ئه‌م ته‌وه‌ره ناوه‌ندی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره پێک دێنێ و ده‌یهه‌وێ به شێوه‌یه‌کی عه‌ینی قامک له سه‌ر ئه‌و خه‌سارانه دانێ که وه‌ک گرفت و قه‌یران به‌ره‌وڕووی زمانی کوردی بوونه‌وه.
به چاو خشاندنێکی ڕاگوزه‌رانه به سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌م چه‌ن ساڵه‌دا به شێوه‌ی وتار و لێکۆڵینه‌وه له گۆڤار و حه‌وته‌نامه‌کاندا بڵاو بوونه‌وه، ئه‌م ڕاستییه به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه که زمان بۆته مه‌ڵبه‌ندی کێشه و له حاند ئه‌و پێداویستییه نوێیانه‌ی به سه‌ریدا هه‌ره‌سیان هێناوه، تووشی قه‌یران بووه. له ڕاستیدا زمانی کوردی له دۆخی ئێستایدا له گه‌ڵ ئه‌و کێشانه ململانه‌یه‌تی که کێشه‌ی ئه‌و نین و له به‌ستێنێکی مێژویی جیاوازدا گووراون و سه‌ریان هه‌ڵداوه. به‌ڵام ته‌شه‌نه‌ی ئه‌م کێشه جیهانیانه کاری کردۆته سه‌ر کۆمه‌ڵگا و به تایبه‌ت زمانی کوردی، هه‌ر بۆیه‌ش زمان ناتوانێ به سانایی له حاندیان تێپه‌ڕێ و خۆیان لێ گێل کا و ناچاره له به‌رامبه‌ریاندا هه‌ڵوێست بگرێ.
به‌ڵام ڕاست ئه‌وه‌یه که زمانی کوردی نه‌یتوانیوه به شێوه‌یه‌کی مه‌نتقی له گه‌ڵ ئه‌م که‌ش و هه‌وا نوێیه دیالۆگ سازکات و له حاند ئه‌و پێداویستییه نوێیانه پشت ڕاست کاته‌وه. ئه‌م ڕاستییه تاڵه نیشانه‌ی تاوانباری زمانی کوردی له ئاست ئه‌م حه‌وزه ماناییه نوێیانه نییه، به‌ڵکو هۆکاری سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م خاڵه گرینگه که ته‌واوه‌تی ئه‌و چه‌مکانه‌ی زمانی کوردی‌یان وه‌ئامان هێناوه، سه‌ر به دنیایه‌کی تایبه‌ت و ئه‌زموونی دنیایه‌کی تایبه‌تن که له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی زمانی کوردی‌دا به ئاکام گه‌یشتوون. کۆمه‌ڵگای ئێمه نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌نی وه‌ها ئه‌زموونێک هه‌تا زمانێک بدۆزێته‌وه که شیاوی وه‌ها ئه‌زموونێکه.
زمانی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی تایبه‌ت، ده‌ربڕ و پێناسه‌ی مرۆڤی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه و هه‌لێکی تاقانه‌یه بۆ نواندنی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی مرۆڤی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه به شێوه‌یه‌کی تاکه‌که‌سی یان گشتی که‌شفی کردوون. زمان پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی له گه‌ڵ ته‌جره‌به‌ی فکری و ده‌روونی مرۆڤ هه‌یه و له‌و ئاوات و ئامانجانه ده‌دوێ که تاکه‌کانی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک حه‌ولی بۆ ده‌ده‌ن. "ڕووداوی هه‌ر جیهانێک به زمانی ئه‌و جیهانه ده‌رده‌بڕێ و هه‌ر زمانێکیش بۆ ده‌ربڕینی ڕووداوه‌کانی دنیای خۆی، وزه و بڕشتی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه." ئه‌وه‌ی که ئێمه له ده‌ربڕینی به‌شێکی زۆر له‌و چه‌مکه نوێیانه زمانمان له گۆ چووه و لاڵ ماوینه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی هه‌تا ئێستێ وه‌ک مرۆڤی کورد له کۆمه‌ڵگای خۆماندا بوومانه. هه‌ر بۆیه‌ش نابێ پێمان سه‌یر بێ که بۆچ ناتوانین ئه‌و ئه‌زموون و ته‌جره‌بانه ده‌رببڕین که تایبه‌تن به دنیایه‌کی دیکه و بوونه مڵکی زمانی ئه‌و دنیایه. ڕوون و ئاشکرایه که زمان له هیچ حه‌وزه‌یه‌کی ماناییدا بیچم ناگرێ و ناگوورێ، مه‌گین ئه‌وه‌ی پێشتر بناغه‌ی وه‌ها به‌ستێنێک دامه‌زرابێ و هاوکات ئه‌و زمانه له گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ما مه‌عریفییه گه‌شه‌ی کردبێ. زمان و ئه‌و به‌ستێنه‌ی زمان ده‌یهه‌وێ لێی بدوێ دوو به‌شن که هاوکات یه‌کتر پێناسه و کامڵ ده‌که‌ن.
ڕۆنانی بناغه‌یه‌کی زمانی نوێ که بتوانێ هه‌ڵگر و ده‌ربڕی ئه‌م واتا نوێیانه بێ، کارێکی سانا نییه و پێویستی به ستراتێژییه‌کی ئاگادارانه و پلانێکی زانستی و درێژخایه‌ن هه‌یه. بۆ بنیات نانی وه‌ها بناغه‌یه‌ک که بتوانێ گرێمان بدا به ئه‌زموونی دنیای مۆدێڕن، ناچارین له‌وه‌ی زمانی ئه‌م دنیا به‌رین و پڕ له دژوازییه بدۆزینه‌وه و له ڕێی زمانه‌وه هه‌ست به قوڵایی و نامۆیی ئه‌م چه‌مک و ڕووداوه فه‌رهه‌نگییه بکه‌ین. به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به وه‌ها ئاره‌زوویه‌ک، ده‌بێ چ بکه‌ین و چ کرده‌یه‌ک ڕه‌چاو که‌ین له نێو گوتاری ڕۆشنبیری ئێمه‌دا بۆچوون زۆرن که بۆ نموونه ئاماژه به چه‌ن دانه‌یه‌کیان ده‌که‌ین:
ڕێی یه‌که‌م که به هه‌موو پێوانه‌یه‌کی عه‌قڵانی ساناترین ڕێیه بۆ هه‌ست کردنی ڕوحی دنیای مۆدێڕن، ئه‌وه‌یه که زمانێک له‌و زمانانه‌ی ئه‌زموونی مۆدێڕنیته له‌واندا به ئاکام گه‌یشتووه بۆ خۆمان هه‌ڵبژێرین و هه‌ر به‌و زمانه سه‌ره‌کیانه هه‌ست به بیری مۆدێڕن بکه‌ین و ڕێی تێببه‌ین. یانی ته‌واوه‌تی ئه‌و زانست و بیرانه‌ی سه‌ر به‌م دنیایه‌ن به زمانی ئه‌م دنیایه بخوێنین و په‌ی پێببه‌ین.
هێندێکی دی پێیان وایه ده‌بێ ئه‌زموونی دنیای مۆدێڕن ببێته ته‌جره‌به‌یه‌کی زمانی خۆمان و له ڕێی په‌روه‌رده کردن و ڕاهێنانی وزه‌ی زمانی کوردی، حه‌ول بده‌ین وڵامی ئه‌م پێداویستییه نوێیانه بده‌ینه‌وه.
تاقمێکیش لایان وایه سه‌ر له‌به‌ری ئه‌م باسانه شتێکی بێهوده‌یه و ئه‌و که‌سانه‌ی له‌م بوارانه‌دا بابه‌ت ده‌نووسن و زمان ده‌وروژێنن غایه‌ن به زمانی کوردی و نه‌ته‌وه‌ی کوردن.
بۆچوونی ئاخر که هه‌ڵوێستێکی ڕادیکاڵ و بێ بنه‌مایه وه‌لا ده‌نێین و ئاکامی دوو ڕێبازه‌که‌ی دی شی ده‌که‌ینه‌وه.
بێت‌و به ڕێی یه‌که‌مدا بڕۆین و یه‌کێک له‌و زمانانه که هه‌ڵگری ئه‌زموونی مۆدێڕنیته‌یه(وه‌ک: ئینگلیسی و ئاڵمانی و فه‌رانسه) و زمانی زک ماکی خۆمان ته‌رخان بکه‌ین بۆ نوسینی چیرۆک و شێعر، زمانه‌که‌مان له‌وه‌ی که هه‌یه بێ بڕشتر ده‌بێ. له واقعیشدا دژایه‌تییه‌ک له گوته و کرده‌وه‌ماندا به‌دی دێ که له باری ڕوحی و زه‌ینیه‌وه کاریگه‌ری درێژخایه‌نی ده‌بێت. تازه گریمان به وه‌ها ڕێیه‌کیشدا ڕۆیشتین، به کام ده‌سه‌ڵات و له سه‌ر کام بناغه‌ی زانستی ده‌مانهه‌وێ وه‌ها ئیده‌ئالێک به ئاکام بگه‌یه‌نین؟
به‌ڵام نا، هاتوو به ڕێگای دووهه‌مدا ڕۆیشتین و ڕوونمان کرده‌وه که ده‌مانهه‌وێ پشت به تواناییه‌کانی زمانی کوردی ببه‌ستین و ده‌مانهه‌وێ وزه‌ی زمانی خۆمان له حاند ئه‌و زمانه جیهانیانه به‌تاقی که‌ینه‌وه، دیاره ڕێیه‌کی سه‌خڵه‌ت و پڕ له که‌ند و کۆسپمان هه‌ڵبژاردووه که به یه‌قینه‌وه له ماوه‌یه‌کی کورتی زه‌مانیدا ده‌سکه‌وتێکی ئه‌وتۆی نابێ و ته‌نانه‌ت هێندێک بشێویش له زماندا ساز ده‌بێ. به‌ڵام بێ گومان ڕاسته ڕێ هه‌ر ئه‌م ڕێیه‌یه. چونکو زمان به شێوه‌یه‌کی سروشتی و مه‌نتقی په‌ره‌ده‌ستێنێ و گوڕی وه‌به‌ر دێته‌وه.
هه‌ر وه‌ک ده‌زانین زمانی کوردی مێژووی نووسراوه‌ی یه‌گجار کورته و هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه تواناییه‌کانی ئه‌م زمانه بۆ نواندنی ئه‌و دیارده و چه‌مکانه‌ی سه‌ر به دنیای مۆدێڕنن ده‌روه‌ست نه‌یه و له حاند زانست و فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێڕن بێ بڕشت بێت و نه‌توانێ به‌و جۆره‌ی که پێویسته ئامیان بخاته به‌ر ده‌ستی نووسه‌ر و وه‌رگێڕی کورد.
به‌ڵام هه‌ر وه‌ک زۆر که‌س هه‌تا ئێستا سه‌لماندوویانه بێتوو به زانیاری و به ده‌ستێکی پڕه‌وه پشت به‌م زمانه ببه‌ستی هێنده‌ش زمانێکی بێ ده‌ست و دوو نییه. گرینگ ئه‌وه‌یه که چه‌ندت شاره‌زایی به‌سه‌ر ئه‌و ماتریالانه‌دا هه‌بێت که دیالکته جیاوازه‌کانی ئه‌م زمانه ده‌یخاته به‌ر ده‌ستت.
خاڵێکی دیکه که پێویسته سه‌باره‌ت به سه‌قامگیرکردنی ئه‌م ئه‌زموونه زمانیه بکوترێ ئه‌وه‌یه که تا ده‌مایه‌کی ئه‌م واتا نوێیانه له کۆمه‌ڵگادا سه‌قامگیر نه‌بن، زمانیش هه‌ر به‌و پێیه له جۆللانه‌دا ده‌بێ و ئۆقره ناگرێ. ئۆقره گرتنی زمان له حاند ئه‌م ته‌جره‌به‌یه یانی توانه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه له زماندا. یانی ئه‌وه‌ی که زمان توانیویه‌تی ئه‌و واتایانه ده‌روونی بکات و وه‌ک به‌رهه‌مهاتوویه‌کی زمانی ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگای بکاته‌وه. دیاره وه‌ها پرۆسه‌یه‌ک ناتوانێ له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا به ئاکام بگات و ده‌خوازێت به ده‌ستێکی پڕ و به زانیارییه‌کی به‌ربڵاوه‌وه به‌ره‌و پیری بچی. ده‌بێ له بیرمان بێ تا ده‌مایه‌کی ئامێری زمانی و به‌ستێنی زه‌ینی بۆ وت و وێژ له گه‌ڵ دنیای مۆدێڕن ته‌یار نه‌که‌ین ناتوانین سامانی فکری و زانستی سه‌ر به‌م دنیایه ڕاگوێزینه چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی خۆمان. پێویسته له‌م ڕه‌وته‌دا پێداویستییه‌کان ده‌ست نیشان بکرێن و به پێی به‌رنامه‌یه‌کی عه‌قڵانی هه‌نگاویان بۆ بنرێ. هه‌ر بۆیه‌ش پێویسته له به ئاکام گه‌یاندنی ئه‌م ئه‌زموونه زمانییه‌دا هێندێک خاڵی سه‌ره‌کی له‌به‌ر چاو بگیرێن.
یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که "زمان وه‌ختایه‌ک به شێوه‌ی گرفت خۆ ده‌نوێنێ که به سه‌ر خۆیدا زانیاری په‌یدا بکات و بزانێ له هه‌ڵسوکه‌وت که‌وتووه و ناتوانێ به شێوه‌یه‌کی سروشتی درێژه به ڕه‌وتی خۆی بدا." له نێو زمانی کوردیش‌دا ئه‌م زانیارییه به‌دیهاتووه و هه‌موو ده‌زانین زمان و به تایبه‌ت ئه‌و زمانه ده‌سکرده‌ی بۆ له کار کردنی پێک هاتووین، ناتوانێ ده‌روه‌ستی شاڵاوی ئه‌و واتا نوێیانه بێت وا ته‌پیان داوه‌ته سه‌ری. زمان توانایی ئه‌وه‌ی نییه ئه‌رکی سه‌ره‌کی خۆی که پێوه‌ندییه، به دی بێنێ. یانی وه‌ختایه‌ک بابه‌تێکی زانستی یان فه‌لسه‌فی و تیوریک به زمانی کوردی ده‌نووسرێ، خوێنه‌ر ناتوانێ پێوه‌ندی له گه‌ڵدا بگرێ و زمان له یه‌که‌م هه‌نگاوی خۆیدا تووشی گرفت ده‌بێ. له لایه‌کی دیکه‌وه وه‌ختایه‌ک نوسه‌ر و وه‌رگێڕی ئێمه ده‌ست ده‌باته به‌رهه‌مێکی زانستی یان تیۆریک، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به باشی له‌و ده‌قه‌ی له‌به‌ر ده‌ستیدایه حاڵییه و ده‌زانێ ده‌یهه‌وێ چ بڵێ، به‌ڵام که‌ره‌سته‌ی زمانی پێویستی بۆ ده‌ربڕینی مه‌به‌سته‌که‌ی له به‌ر ده‌ستدا نییه و ناتوانێ هاوسه‌نگییه‌ک له نێوان زه‌ین و عه‌یندا به‌دی بێنێ و ئه‌وه‌ی له مێشکیدایه به زمانی نووسراوه ده‌رببڕێ. له وه‌ی که واتاکان به زمانێک جیا له زمانی کوردی به ڕه‌وانی وێژراون و ئه‌و ناتوانێ هه‌مان مه‌فهوم به زمانی کوردی ده‌رببڕێ جاڕز ده‌بێ. هانا ده‌باته به‌ر هه‌نبانه بۆرینه و سه‌ر به هه‌زار که‌لێن و کولێندا ده‌کا و له کۆتایشدا ئه‌و شته‌ی وا به‌رهه‌می هێناوه نه دڵی خۆی ڕازی ده‌کا و نه هی خوێنه‌ریش. بێ ده‌ست و دوویی زمانی کوردی له‌م حه‌وزه نوێیانه‌دا نه نیشانه‌ی بێ ده‌سه‌ڵاتی نووسه‌ری ئێمه‌یه به‌سه‌ر زمانی سه‌رچاوه و زمانی مه‌ڵبه‌نددا نه تاوانێکه بۆ زمانی کوردی که بۆچ ناتوانێ وه‌ک سیستمێک وڵامده‌ری ئه‌م ئه‌رکه نوێیانه بێت، به‌ڵکوو سه‌رچاوه‌ی ئه‌م گرفته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژووی زمانی کوردی و مرۆڤی کورد که نه‌یتوانیوه ئه‌و ئه‌زموونه مۆدێڕنانه به‌رهه‌م بێنێت هه‌تا به زمانی خۆی لێیان بدوێ و ڕاوێژیان له‌سه‌ر بکات. تا ئه‌و ده‌مه‌ی مرۆڤی کورد نه‌که‌وتبووه که‌ش و هه‌وای دنیای مۆدێرنه‌وه، به شێوه‌یه‌کی ئاسایی و به زمانێکی سروشتی له گه‌ڵ جیهان و ئه‌و که‌ره‌ستانه‌ی پێویستی بوون پێوه‌ندی ساز ده‌کرد و زمانی ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ک بوو که به باشی ده‌ربڕی دنیای ئه‌و بوو. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دنیا زمانییه چ گرفتێک به‌دی نه‌ده‌کرا. بۆ خۆی نێوی بۆو ئامێرانه ده‌دیته‌وه که سازی کردبوون. نیر و ئامور و داس و هه‌سان و ده‌ستاڕ و زۆر وشه‌ی دی به‌رهه‌مهاتووی شێوه‌ی ژیانی مرۆڤی کورد بوون. به‌ڵام ده‌یتوانی چ نێوێک له له تراکتور و کۆمباین و ڕادیو و کلاج و تێلویزیۆن و زۆر شتی دیکه‌ش بنێ، وه‌ختایه‌ک ئه‌م که‌ره‌ستانه به‌رهه‌مهاتووی مرۆڤی کورد نه‌بوون. لێشاوی ئه‌م که‌ره‌سته نوێیانه ده‌یخواست به شێوه‌یه‌کی ئاسایی له تان و پۆی زمان و ژیاندا نیشته جێ بن. زۆربه‌ی ئه‌و که‌ره‌ستانه هه‌ر به نێوی ئه‌و شوێنه‌ی لێی ساز کرابوون هاتنه نێو زمان کوردی و بوونه به‌شێک له‌و زمانه. زمانی کوردی به بێ ئه‌وه‌ی گرفتێکی سه‌ره‌کی بۆ ساز ببێ له گه‌ڵ تێکنۆلۆژی دنیای مۆدێڕن ڕاهات. به‌ڵام وه‌ختایه‌ک زمانی کوردی پانتایی بیر و ئه‌ندێشه و فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێڕنی به ڕوودا کراوه تووشی قه‌یران هات و نه‌یتوانی خۆی له گه‌ڵ ڕابێنێ. له شاڵاوی تێکنۆلۆژیدا ئه‌وه نێوی ئامێره‌کان بوو که زمان له‌گه‌ڵیدا ڕێککه‌وت، که‌چی ده‌مایه‌ک هزر و فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێڕن به‌ر بینگی به زمانی کوردی گرت زمان توشی ئاڵۆزی و سه‌رسوڕمان هات و نه‌یتوانی ده‌روه‌ستی ئه‌و چه‌مک و واتا نوێیانه بێت که له گه‌ڵیاندا تێک ئه‌نگوابوو . قۆناغی یه‌که‌م نێو بوو و قۆناغی دووهه‌م مه‌فهووم. هه‌ر بۆیه‌ش زمانی کوردی له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له گه‌ڵ ئه‌م مه‌فهومانه هه‌ڵوێستێکی جیاوازتری نیشاندا. هه‌رچه‌ند ده‌ربڕینی هه‌ر واتایه‌ک – جا با یه‌گجار قورس و پڕ پێچ و په‌ناش بێت – به هه‌موو زمانێک به هێندێک زیاد و که‌مه‌وه بۆی هه‌یه بلوێ، به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه کۆسپ له‌م ڕێیه‌دا یه‌گجار زۆرن. ئێمه لامان وایه ده‌بێ به شێوه‌یه‌کی سروشتی و ئاسایی له گه‌ڵ دیارده‌کانی دنیای مۆدێڕن پێوه‌ندی بگرین، به‌ڵام زمان له گۆ نایه و ناتوانین جه‌مسه‌ری ئه‌م دیاردانه و زمانی کوردی لێک گرێ ده‌ین. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه بۆته هۆی ئه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک له زماندا بشێوی ساز بێت. هزر و بیری مۆدێڕن دنیای زمانی ئێمه‌ی شێواندووه. ئه‌م بومه له‌رزه‌یه خه‌ریکه زمانی ئێمه و سوننه‌تی زمانیمان تووشی هه‌ڵوه‌شان ده‌کا. ئه‌و نه‌ریته زمانییه‌ی پێی ڕاهاتووین و پێی دواوین و شێعر و تا ڕاده‌یه‌کیش چیرۆکمان پێ نوسیوه. سوک و ساده نییه کوت و پڕ شێوه گوتارێکی تازه که ئامێری زمانی نوێی پێویسته له نوسینماندا سه‌ر هه‌ڵبدات.
بێ گومان " هه‌ر که‌سێک به چه‌شنێکی زاتی و حه‌قیقی به زمانی خۆیه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. زمانی ئه‌و دنیای ئه‌وه، به‌رینایی و قوڵایی دنیای ئه‌و به‌رامبه‌ره له گه‌ڵ به‌رینایی و قوڵایی زمانی ئه‌و. هه‌ر چه‌شنه ده‌سکاری و ئاڵ و گۆڕێکی زمانی، دنیای ئه‌و تووشی قه‌یران و ئاڵ و گۆڕ ده‌کات."
ئێستاش که دۆخێکی وا ته‌داره‌ک بیندراوه و شێوه گوتارێکی نوێ له زماندا سه‌ری هه‌ڵداوه که پێشینه و بنچینه‌یه‌کی ئه‌وتۆی له مێژووی که‌م ته‌مه‌نی نوسینی کوردی‌دا نییه، دیاره هێندێک که‌ڵکه‌ڵه ساز بێت و به چاک و به خراپ سه‌باره‌ت به‌م دۆخه نوێیه هه‌ڵوێست بگیردرێت.
مێژووی نوسراوه‌ی زمانی کوردی – هه‌رچه‌ن مێژوویه‌کی دوور و درێژیش نییه - ئه‌م ڕاستییه‌مان بۆ پشت ڕاست ده‌کاته‌وه که ئه‌م زمانه جگه له ئه‌رکی ئاخاوتن، ته‌نیا ئه‌رکێکی که بوویه‌تی نووسینی شێعر بووه. شێعر له‌یه‌نی زاڵی نوسراوه‌ی کوردی بووه. یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ی به‌سه‌ر نوسراوه‌ی کوردی‌دا شێعر زاڵ بووه ئه‌وه بووه که کۆمه‌ڵگای سوننه‌تی کورده‌واری له گه‌ڵ ئه‌و کێشه و گرفتانه ڕووبه‌ڕوو نه‌بووه که شێعر نه‌توانێ ده‌روه‌ستیان بێ هه‌تا به زمانێکی مه‌نتقی که زمانی په‌خشانه به گژیاندا بچێت و پاساویان بۆ بێنێته‌وه. بۆ نواندنی دنیای مۆدێڕن پێویستمان به زمانێکی مۆدێڕنه و زمانی شێعر که لایه‌نی زاڵی نوسراوه‌ی کوردی بووه ناتوانێ ئه‌م ئه‌زمونانه‌مان بۆ ڕاگوێزێ. به‌م هۆیه که به‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌دا که‌ش و هه‌وایه‌کی عه‌قڵانی و پۆزێتیو زاڵه، پێویستمان به ڕۆنانی بنه‌مای زمانێکی عه‌قڵانی و زانستییه که له وێدا هه‌ر واژه‌یه‌ک نوێنه‌ری ئه‌و مانایه بێت که ئێمه مه‌به‌ستمانه. گرینگی بنیاتنانی وه‌ها بنه‌مایه‌کی زمانی وه‌ختایه‌ک پتر خۆ ده‌نوێنێ که ده‌بینین هێرشی هه‌مه لایه‌نه‌ی ئه‌و چه‌مکه نوێیانه هه‌ل و مه‌رجێکی وایان ڕێک خستووه که ختووکه‌ی خستۆته دڵی هێندێک له ڕۆشنبیرانی ئێمه‌وه که به‌ڵێ باشتر وایه به زمانی کوردی ته‌نیا " شێعر و چیرۆک " بنوسین. ئه‌وه ناڕاسته و خۆ ده‌یسه‌لمێنێ زمانی کوردی ناتوانێ له‌و حه‌وزانه‌ی دی‌دا وڵامده‌ری پێداویستییه‌کان بێت بۆ نوسین. هه‌ر بۆیه‌ش تاقمێک له ڕۆشنبیرانی ئێمه به زمانی فارسی که پشت ئه‌ستووره به پێشینه‌یه‌کی هه‌زار ساڵه له نوسیندا و که‌متاکورت زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ده‌قه فه‌لسه‌فی و تیوریکه‌کانی دنیای مۆدێڕنی ڕاماڵیوه‌ته هه‌رێمی زمانی خۆیه‌وه، بابه‌ت ده‌نوسن و چ مه‌جبور نین له خۆڕا مل بنێنه به‌ر ملی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌کانی زمانی کوردی. ڕواڵه‌تی ئه‌م هه‌ڵوێسته یه‌گجار په‌سنده و زۆریش عه‌قڵانییه و ڕوو له داهاتوو ده‌کات. جگه له‌وه‌ش که‌م که‌س هه‌یه واز له‌و هه‌مووه ئیمکاناته‌ی زمانی فارسی بێنێ و خۆی تووشی گێچه‌ڵی زمانی کوردی بکات. هه‌ر وه‌ها زمانی کوردی به نیسبه‌ت زمانی فارسی زمانێکی ناوچه‌ییه و به‌رده‌نگێکی که‌متری هه‌یه.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ته‌واوی ئه‌م ڕاستییانه، زۆر باش ده‌زانین که ئه‌م گرفتانه‌ی ئێستا به‌رۆکی زمانی کوردی‌یان گرتووه، هه‌شتا ساڵ له‌وه پێش زۆر توند و تیژتر بۆ فارسه‌کانیش له ئارادا بووه، ئه‌ی چۆنه ئه‌وان توانیویانه به‌سه‌ر ئه‌م گرفتانه‌دا زاڵ بن و بۆ هه‌ر حه‌وزه‌یه‌کی مه‌عریفی زمانێکی تایبه‌ت به‌و حه‌وزه‌یه بنیات بنێن؟ چۆنه ئه‌وان ده‌توانن هه‌ر چه‌شنه ده‌قێک له هه‌ر زمانێکی بیانی ڕاگوێزنه نێو ده‌زگای زمانی خۆیان و به‌م چه‌شنه ڕۆژ له گه‌ڵ ڕۆژ وزه‌ی زمانه‌که‌یان په‌ره پێبده‌ن و به‌ر بڵاوتری بکه‌ن، به‌ڵام ئێمه هه‌ر له به‌ردی بناغه‌ڕا چۆکمان بشکێ و به ڕاشکاوییه‌وه ده‌ری ببڕین که زمانی کوردی ناتوانێ له ئاست بواره جیاوازه‌کانی علومی ئینسانی‌دا ده‌روه‌ست بێت و چاکتر وایه به "چیرۆک و شێعر"ی خۆیه‌وه سه‌رقاڵ بێت. ئه‌گه‌ر زمانی کوردی وه‌ک زمانێکی سه‌ربه‌خۆ به ڕه‌سمییه‌ت ده‌ناسین، ده‌بێ ئه‌وه‌ش قه‌بوڵ که‌ین که وه‌ک سیستمێک بتوانێ وڵامده‌ری ئه‌و پێداویستییه سه‌ره‌کیانه بێت که له حاندیدا سه‌ریان هه‌ڵداوه. ئه‌گه‌ر پێمان وایه که کۆمه‌ڵگای کوردی له ئاستی تێپه‌ڕین له قۆناغێکه‌وه بۆ قۆناغێکی دییه، ده‌بێ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ش به زمان بده‌ین هه‌تا ئه‌م گۆڕانکارییه ته‌جره‌به بکات و خۆی له گه‌ڵ ڕابێنێ. بێت‌و زمان و لایه‌نه‌کانی زمان له تان و پۆی کۆمه‌ڵایه‌تی داببڕێن و دار و له‌له‌ی بۆ دیاری بکرێ و به به‌ستێنێکی دیاریکراوه‌وه ببه‌سترێ، بڕشتی له‌وه‌ی که هه‌یه - ته‌نانه‌ت بۆ پێوه‌ندیش – که‌متر ده‌بێ. زمان ده‌بێ له گه‌ڵ گشتییه‌تی کۆمه‌ڵگا و تان و پۆی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رنجی بدرێتێ. چونکو زمان تێکه‌ڵ به‌و توێژه ماناییانه‌یه که له ململانه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و تێک ئه‌نگوانی دوو له‌یه‌نه‌ی مرۆڤدا به‌رهه‌م هاتووه. زمان ده‌بێ هاوکات له گه‌ڵ ئاڵ و گۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانی به سه‌ر دابێ، هه‌تا بتوانێ خۆی له گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانکارییه نوێیه ڕابێنێ و به شێوه‌یه‌کی مه‌نتقی و ئاسایی وڵامده‌ری پێداویستییه نوێیه‌کان بێت و به پوخته‌یی پاساویان بۆ بێنێته‌وه.
که‌س نییه نکۆڵی له‌و ته‌نگژانه بکات که زمانی کوردی له حاندیاندا توشی وه‌ستاوی بووه و له ئه‌رکی خۆی دۆژ داماوه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌بێ له بیرمان بێ که ڕه‌وتی بنیات نانی بنه‌مایه‌کی زمانی که بتوانێ گرێده‌ری زمانه‌که‌مان بێ به زمانی دنیای مۆدێڕن و هه‌ڵگری ئه‌م دنیا نوێیه و ئه‌م ئه‌زموونه تازه‌یه بێت، کارێک نییه که به ساڵێک و دووان ئاکامێکی به‌رچاوی لێ بکه‌وێته‌وه. ته‌جره‌به‌ی فارسه‌کان که ئێمه له بتونی له ژێر کاریگه‌رییانداین بۆمان ده‌رده‌خا وه‌ها پڕۆژه‌یه‌ک درێژخایه‌نه و پێویستی به هه‌ڵسو‌ڕان و کرده‌وه‌ی که‌سانێکی شاره‌زا و زاڵ به سه‌ر زمان و به تایبه‌ت ئیمکاناتی زمانی مه‌ڵبه‌ندا هه‌یه. ئێمه تازه وه‌ڕێکه‌وتووین و زۆریش به په‌له‌ین. ئه‌و حه‌ولانه‌ی بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه ئه‌نجاممان داون کامڵ و پوخته نین و وێناچێ ئه‌م ڕێیه به‌م زوانه کوتایی بێ و ڕێبواری شاره‌زای پێویسته. نه‌پسانه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وته ئاسۆی تازه به‌سه‌ر زمانی کوردی‌دا ده‌کاته‌وه. هه‌نگاوی قایمی مه‌سعود محه‌ممه‌د و ئه‌و مکانیزمه‌ی بۆ زاراوه‌سازی بنیاتی ناوه جێگای دڵخۆشییه‌کی فراوانه. هه‌ر وه‌ها ئه‌و حه‌وله تاک و ته‌رایانه‌ی له پێوه‌ندی له گه‌ڵ سازکردنی بار و دۆخێکی وه‌ها که پێکهێنه‌ری زمانێکی نوێ بێ بۆ ده‌ربڕینی چه‌مکه نوێیه‌کان جێی تێرامان و ستایشن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش نابێ له نێو وه‌هم و ئیده‌ئالدا بڕوانینه زمان و گوێمان له حاند ئه‌و خه‌سارانه‌ی بوونه کوسپ له وه‌دی هاتنی ئه‌م بنه‌ما زمانییه بخه‌وێنین. هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌ی پێ کرا، زمان وه‌ختایه‌ک به شێوه‌ی گرفت خۆ ده‌نوێنێ که به سه‌ر خۆیدا زانیاری په‌یدا بکا و بزانێ له هه‌ڵسوکه‌وت که‌وتووه و ناتوانێ به شێوه‌یه‌کی ئاسایی درێژه به کاری خۆی بدا.
بێگومان سه‌ره‌کی ترین ئه‌رکی سیستمی زمانی ته‌داره‌ک بینینی پێوه‌ندییه له نێوان ئاخێوه‌راندا. وه‌ختایه‌ک زمان نه‌توانێ ئه‌م پرۆسه‌یه به شێوه‌یه‌کی ته‌بیعی به ئاکام بگه‌یه‌نێ، ناشتوانێ هه‌ڵگری ئه‌و واتایه بێت که بڕیاره بیگه‌یه‌نێته ده‌ستی به‌رده‌نگ و زمان له یه‌که‌م هه‌نگاوی خۆیدا هه‌ره‌س دێنێ و شکست ده‌خوا. زۆرترین به‌ستێنێکی زمانی کوردی له گه‌ڵ ئه‌م سیکله ناله‌باره ڕووبه‌ڕوو بووه و نه‌یتوانیوه پێوه‌ندی سازبکات، حه‌وزه‌ی بیر و ئه‌ندێشه‌ی مۆدێڕن بووه که ویستوویه‌تی له سۆنگه‌ی زمانه‌وه ڕایگوێزێته هه‌رێمی خۆیه‌وه. چونکو لێره‌دا له گه‌ڵ مه‌فهوم ڕووبه‌ڕووین، ناچارین له‌وه‌ی هاوسه‌نگێکی زمانی بۆ ئه‌و واتایه ده‌ست نیشان که‌ین که خوێنه‌ر به‌و چه‌مکه‌وه گرێ بدا و زمان پردێک بێ بۆ هه‌ست کردن و لێک حاڵی بوونێکی دوو لایه‌نه. به‌ڵام به‌م هۆیه که پێشتر بناغه‌ی وه‌ها گوتارێکمان له زمانی کوردی‌دا نه‌بووه، ناچار بووین زمانی کوردی له گه‌ڵ ئه‌و فۆڕمه ماناییانه ڕابێنین و بۆ هه‌ر کام له‌و زاراوانه‌ی له زمانی بیانی‌دا هه‌ڵگری بارێکی مانایی تایبه‌ت بوون زاروه‌ی کوردی داتاشین و گرفته‌که‌ش هه‌ر لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات. ئه‌م وشه سازکراوانه له لایه‌ن مه‌ڵبه‌ند و چاوگه‌یه‌کی بڕواپێکراوه‌وه دانه‌نراون و هه‌موو به‌رهه‌می حه‌ولی تاک و ته‌رای که‌سانێکن که له‌م بواره‌دا قه‌ڵه‌م لێده‌ده‌ن و نالوێ شاره‌زایی ئه‌م که‌سانه به‌سه‌ر زمان و ئه‌و حه‌وزه‌یه‌ی کاری تێدا ده‌که‌ن ده‌ست نیشان بکه‌ی. هه‌ر وه‌ها ئه‌و هاوتا و واژه تازانه‌ی هه‌ڵگری بارێکی مانایی نوێن له زماندا، یه‌گجار پڕ ڕه‌نگامه‌ن. بۆ وێنه بۆ زاراوه‌ی "ساختار" چه‌ندین هاوتای کوردی دانراوه. له سنه "بنه‌ما"یان داناوه، له بۆکان "ته‌شک" له کار کراوه، له مهاباد "داڕشت" به کار ده‌به‌ن و له شنۆش له سه‌ر "پێکهاته" پێکهاتوون. له حاڵێکدا زۆر به سانایی ده‌کرا "بنه‌ما" یان خودی ساختار له کار بکرێت و له‌م جۆراوجۆرییه خۆ بپارێزین.
خاڵێکی گرینگی دیکه که بۆته له‌مپه‌ر بۆ وه‌دیهاتنی وه‌ها بنه‌مایه‌کی زمانی ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌سانه‌ی ویستوویانه ئه‌زموونی دنیای مۆدێڕن له زمانی کوردی‌دا ده‌روونی که‌ن، خاوه‌نی به‌رنامه و پلانێکی دیاریکراو نه‌بوون و به پێی مه‌نتق و زه‌رووره‌ت له گه‌ڵ کێشه‌که ڕووبه‌ڕوو نه‌بوونه‌وه و واقع بین نه‌بوون. هه‌ر بۆیه‌ش نه‌یانتوانیوه پێداویستییه سه‌ره‌کییه‌کان ده‌ست نیشان بکه‌ن و به پێی ئه‌و زه‌رووره‌ت و پێداویستییانه هه‌نگاو بنێن و ده‌قێک ڕاگوێزنه چوارچێوه‌ی زمانی کوردییه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌م حه‌وله تاک و ته‌رایانه‌ش له ژێر مۆدی باو له زمانی فارسی‌دا بوون و هێنده پڕش و بڵاون که ناگونجێ ئاماژه به تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی ئه‌و ده‌قانه بکه‌ی که له‌م چه‌ن ساڵه‌دا به‌هه‌م هاتوون. بۆمان ڕوون نابێته‌وه مه‌به‌ستی ئه‌و ده‌قانه چییه و ده‌یانهه‌وێ کام ئه‌زموونی نوێمان بۆ پێناسه بکه‌ن. ده‌توانین بڵێین چ چه‌شنه ده‌قێکی سه‌ره‌کی و ئه‌ساسی له ته‌جره‌به‌ی مۆدێرنیته‌مان هه‌نه‌نگوێزتۆته هه‌رێمی زمانی کوردی و ئه‌وه‌ی کراوه له فۆڕمی وتار و ته‌رجه‌مه‌ی وتار دابووه نه‌ک کتێبه ئه‌ساسییه‌کانی ئه‌م بواره. ده‌بێ ئاگادار بین به کاری پڕژ و بڵاو تواناییه‌کانمان به فیڕۆ نه‌چن. پڕژ و بڵاوی ئافه‌تی گه‌وره‌ی نوسراوه‌کانمانه. له‌و حه‌وزانه‌ی هه‌تا ئێستا زۆرترمان کار له‌سه‌ر کردوون وه‌ک تیوری ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆژئاوا، پڕژ و بڵاوی گه‌یشتۆته ئه‌و په‌ڕی خۆی و زۆر که‌م که‌ڵکمان له‌م کاره وه‌رگرتووه. ئه‌م حه‌وزانه له زمانی سه‌رچاوه‌دا گشتییه‌ت و نیزامێکی یه‌کپاره و یه‌کگرتوون. لیزگه‌یه‌کن له درێژه‌ی یه‌کدا و ڕاگوێزتنی پچڕپچڕی ئه‌م ئه‌زموونانه دبێته هۆی ئه‌وه له هه‌ست کردنیاندا بۆشایی سازبێت و کاریگه‌رییه‌کیان له سه‌ر زمان و ڕه‌وتی نوێ بوونه‌وه‌ی زمان نه‌بێ. لێره‌شدا پێویسته له ته‌جره‌به‌ی فارسه‌کان که‌ڵک وه‌رگرین. نوسه‌ر و وه‌رگێڕی فارس، توانایی خۆیان به سه‌ر بابه‌تی ورکه و پرکه بڵاو نه‌کردۆته‌وه و ئه‌وه‌ی کردوویانه له قه‌واره‌ی کتێب‌دا بووه. توانایی ئێستای زمانی فارسی بۆ سازکردنی دیالۆگ له گه‌ڵ دنیای مۆدێڕن، به‌رهه‌می ئه‌و کاره بنه‌ڕه‌تیانه‌یه که پێشتر له‌و زمانه‌دا و له سه‌ر ده‌ستی که‌سانێک که پێداویستییه سه‌ره‌کییه‌کانیان دیاری کردووه به ئاکام گه‌یشتووه. بۆ وێنه وه‌رگێڕێکی وه‌ک " محمد حسن لطفی" ته‌واوه‌تی ژیانی خۆی ته‌نیا و ته‌نیا بۆ ناساندنی ئه‌فلاتوون به زمانی فارسی ته‌رخان کرد و نه‌هات به‌هره و هێزی خۆی به‌م لا و لادا ته‌خشان بکات.
هه‌له و په‌له ده‌بنه هۆی ئه‌وه هێز و به‌هره‌ی نوسه‌ر و وه‌رگێڕی ئێمه به شێوه‌یه‌کی نامه‌نتقی هه‌ڵ چۆڕێ، به بێ ئه‌وه‌ی سود و سه‌مه‌رێکی بۆ خۆی و بۆ ئه‌و حه‌وزه‌یه‌ی کاری تێدا ده‌کات هه‌بێ.
خاڵێکی دیکه که پێویسته ئاماژه‌ی پێ بکرێ چۆنیه‌تی هه‌ڵسوکه‌وتی وه‌رگێڕ و نوسه‌ری ئێمه‌یه سه‌باره‌ت به له کارکردنی ئه‌و واژه و ده‌سته‌واژه بیانیانه که ئێمه له بتونی پێویستمان پێیانه. ئه‌وه له حاڵێکدایه که پێداگرییه‌کی سه‌یر له‌سه‌ر په‌تی بوونی ده‌قی کوردی ده‌کرێ و وا فه‌ڕز ده‌کرێ که ئه‌و واژانه‌ی که ده‌قێکی پێ ڕه‌عه‌مه‌ل دێ، ده‌بێ به ته‌واوه‌ت کوردی بن. له حاڵێکدا به‌م هۆیه که ئه‌و چه‌مکه بیانیانه به‌رهه‌مهاتووی کۆمه‌ڵگا و زمانی کوردی نین، ناچارین له ئاڵ و وێرێکی زمانی‌دا واژه و زاراوه‌ی بیانی وه‌رگرین و به‌ستێنی زمان ئاماده که‌ین بۆ پێوه‌ندی. هێندێک که‌س دژ به‌م ڕه‌وته سروشتییه ده‌وه‌ستن و پێیان وایه به هاتنه ژوورێی هه‌ر واژه و ده‌سته‌واژه‌یکی غه‌یره کوردی زمان تووشی خه‌سارێکی گه‌وره ده‌بێ و به ته‌واوی هێزه‌وه به‌ر به‌م ته‌عاموله زمانییه ده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت له‌م پرۆسه‌یه‌دا ده‌بێ سنور هه‌بێ و ئه‌و واژه و زاراوانه‌ی که دێنه هه‌ریمی زمانی کوردییه‌وه نابێ ساختاری زمان بشێوێنن و له گه‌ڵ ده‌زگای زمانی ئێمه یه‌ک نه‌گرنه‌وه. بێت‌و به شاره‌زاییه‌وه ڕێ بۆ پۆلێک واژه و زاراوه‌ی فارسی و عه‌ره‌بی خۆش بێت و ئیزنیان پێ بدرێ بێنه چوارچێوه‌ی زمانی کوردییه‌وه، به‌شێکی زۆر له گرفته‌کانی ئێمه چاره‌سه‌ر ده‌بن و زمانیش چ خه‌سارێکی وێ ناکه‌وێ.
وه‌ک ئاخر تێبینی و خه‌سار ئه‌و شته‌ی که پێویسته سوکه ئاوڕێکی لێ بده‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه که هێندێک ڕاوته‌گبیر له ده‌ره‌وه‌ی زمانی کوردی و له لایه‌ن هێندێک ڕۆشنبیر هاتوونه ئاراوه که بۆته ده‌ردێک له‌سه‌ر ده‌رده‌کانی دی. ئه‌وه‌ی که ئه‌م بۆچوونانه به پێی چ زه‌ینییه‌تێک و له ڕووی چ پێوانه‌یه‌کی زانستی و چ ئه‌زموونێکی ڕاسته‌وخۆ ئاراسته کراون جێی باسه.
هه‌موو ده‌زانین ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌یی ده‌بێته هۆی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی عه‌قڵانی. ئه‌گه‌ر له گوتاری ڕۆشنبیری ئێمه‌دا پێداگرییه‌کی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه ده‌کرێت، پێویسته ئه‌م مێتۆد و عه‌یاره‌یه گشتگیر بێ و سه‌باره‌ت به کێشه‌یه‌کی وه‌ک زمانی کوردیش ڕه‌چاو بکردرێ و خۆی لێ نه‌بوێرین.
ئێمه وه‌ختایه‌ک ده‌توانین سه‌باره‌ت به ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه و ئیمکاناتی زمانی کوردی بۆ نواندنی چه‌مکی زانستی و بیری مۆدێڕن بناڵێنین که بۆخۆمان شاره‌زاییه‌کی باشمان به‌سه‌ر ئه‌و ئامیان و توخمانه‌دا هه‌بێ که ئه‌و زمانه ده‌یخاته به‌ر ده‌ستمان. ئه‌م بۆچوونه له‌و که‌سه‌ی ڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ کێشه‌که ڕووبه‌ڕووه و حه‌ول ده‌دا ڕێیه‌ک بۆ ئه‌م گرفته زمانیه وه‌دۆزێ په‌سه‌نده، به‌ڵام ناکرێ وه‌ک هه‌ڵوێستێکی زانستی ئه‌وه له‌و که‌سانه قه‌بووڵ بکه‌ین که تا ئێستێ توانایی نوسینی ته‌نانه‌ت دێڕێکیان به زمانی کوردی نه‌بووه. هه‌ر بۆیه‌ش ڕا و ته‌گبیری ئه‌م که‌سانه‌ی که له ژێر سێبه‌ری قورسی فارسه‌کاندا وه‌ها بڕیارێکمان بۆ ده‌ده‌ن، به‌م هۆیه که به‌رهه‌م هاتووی واقعی کێشه‌که نین و ئیده‌کانیان له تێک ئه‌نگوانی ڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ زمانی کوردی سه‌ری هه‌ڵ نه‌داوه، له بازنه‌ی زانستی بوون ده‌رده‌چن و وه‌ک بۆچوونێکی خاوی تاکه‌که‌سی به ناکامڵی ده‌مێنه‌وه.
ئه‌و شته‌ی که پێویسته دیسانیش دووپاتی که‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه که له بنیات نانی بنه‌مایه‌کی زمانی که بتوانێ گرێمان بدا به دنیای مۆدێڕنه‌وه، سروشتییه هێندێک ته‌گه‌ره و کۆسپمان وه‌ڕێ بێ. به‌ڵام بێ گومان سیستمی زمانی له درێژه‌ی زه‌ماندا به‌سه‌ر ته‌وای ئه‌م که‌ند و له‌ندانه‌دا زاڵ ده‌بێ. ئه‌م پێداگرییه بۆ ئه‌وه‌یه که له بیرمان بێ، بوون و پێناسی ئێمه له فه‌زای ئه‌و زمانه‌دا ده‌گورێت و به‌رهه‌م دێ که فڕچکمان پێ گرتووه نه‌ک ئه‌و زمانه‌ی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه به سه‌رماندا داسه‌پاوه.
سه‌رچاوه:
1- هرمنوتیک مدرن، بخش سوم. زبان به مثابه تجربه‌ی هرمنوتیکی.گئورک گادامر.ص 208 نشر مرکز.
2-مبانی زبان شناسی.ابوالحسن نجفی.نشر نیلوفر ص 12-36
3- شعر و اندیشه. داریوش آشوری. ص 16-17
4- بازاندیشی زبان فارسی. داریوش آشوری. ص 98- 99-100-112